شه‌ممه‌, ئه‌یلول 7, 2024

ڕێنماییەكانی بە دەست هێنانی ناڕەوا لە هەرێمی كوردستان

ڕێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی 2013ماددەی(1):
 مەبەست لەم دەستەواژە و وشانەی خوارەوە واتاكانی بەرامبەریانە بۆ مەبەستی جێ‌ بە جێ‌ كردنی  ئەم ڕێنماییە:
یەكەم: هەرێم: هەرێمی كوردستان- عێراق
دووەم: پەرلەمان: پەرلەمانی هەرێمی كوردستان
سێیەم: دەستە: دەستەی گشتی دەسپاكیی لە هەرێمی كوردستان
چوارەم: سەرۆكی دەستە: سەرۆكی دەستەی گشتی دەسپاكیی لە هەرێمی كوردستان
پێنجەم: ئەنجومەنی دادوەری: ئەنجومەنی دادوەری لە هەرێمی كوردستان
شەشەم: ڕاسپێردراو: ئەو كەسەیە كە پابەندە  بە پێشكەشكردنی ئاشكراكردنی بەرژەوەندییە داراییەكان پاڵپشت بە حكومەكانی ئەم ڕێنماییە.
حەوتەم: ڕاپۆرت: ڕاپۆرتی ئاشكراكردنی بەرژەوەندییە داراییەكان.
هەشتەم: یاسای دەستە: یاسای دەستەی گشتی دەسپاكیی لە هەرێمی كوردستان- عێراق ژمارە (3)ی ساڵی (2011).
ماددەی(2):
هەر كەسێك ممارەسەی یەكێ‌ لەم پۆستانە خوارەوە بكات بە ڕاسپێردراو دادەنرێت و پابەندە بە پێشكەشكردنی ئاشكراكردنی بەرژەوەندییە داراییەكان:
یەكەم: سەرۆكی هەرێم و جێگرەكەی.
دووەم: سەرۆك و جێگر و سكرتێر و ئەندامانی پەرلەمان.
سێیەم: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و جێگرەكەی.
چوارەم: وەزیر و ئەوانەی لەو پلەیەدان  و بریكاری وەزارەتەكانی هەرێم.
پێنجەم: سەرۆك و جێگر و بەرێوەبەرە گشتیەكان و لێكۆلەرەوانی دەستە.
شەشەم:  خاوەن پلە تایبەتەكان و ئەوانەی لەو پلەیەدان و یاریدەركانیان.
حەوتەم: بەرێوەبەرە گشتیەكان و یاریدەركانیان.
هەشتەم: دادوەر و ئەندامانی داواكاری گشتی و سەرپەرشتیارە دادوەرییەكان و لێكۆلەرەوان.
نۆیەم: ئەفسەرەكانی چاودێری هەرێم و ئاسایشی ناوەخۆ.
دەییەم: سەرۆكی یەكە كارگێرییەكان و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەكان و سەرۆكی شارەوانییەكان و ئەندامانی ئەنجونەنی شارەوانییەكان.
یانزەهەم: هەر كەسێك ممارەسەی هەر پۆستێكی شارەستانی یان سەربازی بكات و دەستە بە پێویستی بزانێ‌،داواكراوە بە ڕاپۆرتی ئاشكراكردنی بەرژەوەندییە داراییەكان.
ماددەی(3):
ڕاسپێردراو هەڵدەستێ‌ بە پێشكەش كردنی ڕاپۆرتی یەكەم دەربارەی بەرژەوەندییە داراییەكان لە ماوەی (30) ڕۆژ لە ڕێكەوتی دەست بەكاربوونی لە پۆستەكەی.
ماددەی (4):
ڕاسپێردراو هەڵدەستێ‌ بە پێشكەش كردنی ڕاپۆرتی ساڵانە دەربارەی بەرژەوەندییە داراییەكان لە ماوەیەك كە كەمتر بێ‌ لە (31) كانونی دووەمی هەموو سالێك لە كاتی بەردەوام بوونی لە پۆستەكەی.
ماددەی (5):
ڕاسپێردراو هەڵدەستێ‌ بە پێشكەش كردنی ڕاپۆرتی كۆتایی دەربارەی بەرژەوەندییە داراییەكان لە ماوەی (30) ڕۆژ لە ڕێكەوتی نەمانی لە پۆستەكەی.
ماددەی (6):
یەكەم: لەسەر ڕاسپێردراو پێویستە كە هەڵسێت بەدەستەبەر كردنی  ڕاپۆرتێك سەبارەت بە ئاشكراكردنی خاوەنداریەتەكانی خۆی و منداڵە ناكامەكانی لە نەگوێزراوەكان (عقارات) و گوێزراوەكان (منقولات) و داهاتی دارایی و پشكی لە بانكەكان و بەش و قەواڵە و مافی مەعنەوەی لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم.
دووەم: سەرۆكی دەستە هەڵدەستێ‌ بە دیاریكردنی نموونە و شێوازی ڕاپۆڕتەكە و دیاری كردنی  وردەكاری زانیارییە داواكراوەكان.
ماددەی(7):
ڕاسپێردراو هەڵدەستێ‌ بە پڕكردنەوەی ڕاپۆرتێك بە گوێرەی ئەو نموونەی كە سەرۆكی دەستە دیاری كردووە،كە ئەم زانیاریانەی خوارەوە لە خۆ دەگرێ‌:
یەكەم: ناوی چوارینە و نازناو و ساڵی لە دایك بوون و ناونیشان و پۆست یان ناونیشانی فەرمانبەری و وەزارەت یان ئەو لایەنەی كە كاری تیایدا دەكات.
دووەم:ناوی هاوسەرو مناڵەكان و خوشك و براكان و ساڵی لە دایك بوونیان و ناونیشانیان و پیشەكانیان یان ناونیشانی شوێنی كاركردنیان.
سێیەم: ژمارە و ڕووبەر و جۆر و ڕەگەز و ناونیشانی خانوبەرە كە ڕاسپێردراو خاوەنیەتی یان هاوسەرەكەی یان یەكێك لە منداڵە ناكامەكانی،هەرچەندە ئەم خانوبەرانە خاوەنداریەتیان  سەربەخۆ بێ‌ بۆ ڕاسپێردراو یان خاوەنداریەتیان  كۆمەڵ بێ‌،و یاخود ئەندازەیەك لە خاوەنداریەتیەكەی هەبێت لە خانوبەرەكان.
چوارەم: ژمارە و وەسفی ئۆتۆمۆبێلەكان و ئامێرەكان كە ڕاسپێردراو خاوەنیەتی یان هاوسەرەكەی یان یەكێك لە منداڵە ناكامەكانی،  هەرچەندە ئەم ئامێرانە خاوەنداریەتیان سەربەخۆ بێ‌ بۆ ڕاسپێردراو یان خاوەنداریەتی كۆمەڵ بێ‌، و یاخود ئەندازەیەك لە خاوەنداریەتیەكەی هەبێت لە خانوبەرەكان.
پێنجەم: ئەو پشك و قەواڵەنەی كە ڕاسپێردراو خاوەنیەتی یان هاوسەرەكەی یان یەكێك لە منداڵە ناكامەكانی.
شەشەم: وەسف كردنی گوێزراوەكانی تر كە ڕاسپێردراو خاوەنیەتی یان هاوسەرەكەی یان یەكێك لە منداڵە ناكامەكانی ئەگەر نرخی هەریەكێك لەمانە زیاتر بوو لە (1000) دۆلار هەر چەندە گوێزراوەكان زێڕ بێ‌ یان مجوهرات بێ‌ یان ئاژەڵ بێ‌ یان هتر.
هەشتەم: گرێبەستەكانی دڵنیایی بە هەموو جۆرەكانی.
نۆیەم: بڕی پارەی نەختینیەكان هەرچەندە ئەو بڕە پارەیە لە لای خۆی بێ‌ یان لە بانك هەڵگیرابێت.
دەیەم: كەمكردنەوەی نهێنیەكان و ئەو گرێبەستانەی كە لە ماوەی ساڵی ڕابردوو لە ئەستۆی ڕاسپێردراو یان هاوسەری یان یەكێك لە منداڵە ناكامەكانیەتی یان لە ئەستۆی كۆمپانیایەكی ئەوانە یان یەكێك لەوانە بەشدارە یان هاوبەشە تیایدا یان بەڕێوەبەری ڕێپێدراویەتی یان سەرۆكی كارگێریەكەیەتی یان ئەندامە تیایدا یان بریكاریەتی.
یانزەهەم: هەر داهاتێكی تر كە زیاتر بێ‌ لە (1) ملیۆن دیناری عێراقی كە ڕاسپێردراو یان هاوسەری یان یەكێك لە منداڵە ناكامەكانی دەستی كەوتبێت لە كارێكی نا حكومی لە ماوەی ساڵی ڕابردوو.
دوانزەهەم: سەرجەمی مووچە و دەرماڵەكان كە ڕاسپێردراو یان هاوسەری یان یەكێك لە منداڵە ناكامەكانی لە كەرتی گشتی وەری دەگرێت.
سیانزەهەم: دیاری و بەخششەكان كە پارە بێ‌ یان شتومەك و پێشكەشی ڕاسپێردراو یان هاوسەری یان یەكێك لە منداڵە ناكامەكانی كراوە لە لایەن هەر كەسێك یاندامەزراوەیەك یان كۆمپانیایەك یان ڕێكخراوێك یان هەر لایەنێكی تر  و بەهاكەی لە (300,000) هەزار دیناری عێراقی زیاترە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا جگە لە دیاری خزمانی تەنها پلە یەك و دوو.
چواردەهەم: هەر قەرزێك لەسەر ڕاسپێردراو یان هاوسەری یان یەكێك لە منداڵە ناكامەكانی كە زیاتر بێ‌ لە (1) ملیۆن دیناری عێراقی.
پانزەهەم: ناو و وەسفی كۆمپانیا و دەزگا و كارگە و پڕۆژە بازرگانیاكان كە  ڕاسپێردراو یان هاوسەركەی  یان یەكێك لە منداڵە ناكامەكانی خاوەنیەتی،لەگەڵ بڕی پشك یان بەشی لە هەریەك لەمانە.
شانزەهەم: ناو و وەسفی كۆمپانیا و دەزگا و كارگە و پڕۆژە بازرگانیاكان كە  ڕاسپێردراو یان هاوسەری یان یەكێك لە منداڵە ناكامەكانی خاوەنیەتی یان بەڕێوەبەری ڕێپێدراویەتی یان سەرۆكی كارگێریەتی یان ئەندامە لە ئەنجومەنی كارگێری یان بریكاریەتی.
ماددەی (8):
یەكەم: لەسەر ڕاسپێردراو پێویستە كە ڕاپۆرتێك پڕبكاتەوە كە سەرجەم ئەو زانیاریانە لە خۆ بگرێ‌ كە لێی داواكراوە بە (3) وێنە،بە ڕێنووسێكی ڕوون یان بە ئامێری چاپكردن.و دەكرێت لاپەرەی تر زیاد بكات بە پێی پێویست.
دووەم: پێویستە ڕاسپێردراو سەرجەم لاپەڕەی ڕاپۆرتەكە واژوو بكات لەگەڵ بەروارەكەی و مۆركردنی سەرجەم لاپەڕەكان بە مۆری فەرمانگەكەی.
سێییەم: وێنەیەك لە ڕاپۆرتەكە دەگەڕێتەوە بۆ دەستەی دەسپاكیی، وێنەیەكی تر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فەرمانگەی كە كاری تیایدا دەكات، وێنەیەكی تر لە لای ڕاسپێردراو دەمێنێتەوە.
ماددەی (9):
یەكەم: دەستە بۆی هەیە كە ڕاپۆرتەكە بگەڕێنێتەوە لە كاتی واژوو نەكردنی سەرجەم لاپەڕەكان یان بەشێكیان بۆ دووبارە واژوو كردن لەسەر سەرجەم لاپەڕەكان و گەڕانەوەی بۆ دەستە.
دووەم: ئەگەر ڕاسپێردراو هەڵەی كرد هەندێك زانیاری داواكراو بنوسێت،دەستە بۆی هەیە بە نوسراوێك داوا لە ڕاسپێردراو بكات بە نوسینی زانیارییەكان لە ماوەیەكی دیاری كراو.
سێییەم: دەستە بۆی هەیە هەڵسێت  بە جوڵاندنی داوایەكی سزایی لە دژی ڕاسپێردراو لە كاتی نكۆڵی كردن لە زیاد كردنی زانیاری داواكراو كە دەستە داوای لێ‌ كردووە بە گوێرەی خاڵی دووەم لەم ماددەیە لە ماوەیەك كە دەستە دیاری كردووە، دوای ئاگاداركردنەوەی ناوبراو لە زیادكردنی زانیارییەكان و پڕنەكردنەوەی لە ماوەیەكی تر بە نوسراوێك ڕاسپێردراو پێی ڕادەگێیندرێت  بە گوێرەی حكومەكانی پێ‌ ڕاگەیاندن لە یاسای دادبینی شارەستانی (المرافعات المدنیە).
ماددەی (10):
یەكەم: دەستە بۆی هەیە هەڵسێت  بە جوڵاندنی داوایەكی سزایی لە دژی ڕاسپێردراو بە گوێرەی حكومەكانی ماددەی (19) لە یاسای دەستە ئەگەر هاتوو ڕاسپێردراو سەرپێچی كرد دەربارەی پێشكەشكردنی ڕاپۆرتی ئاشكراكردنی بەرژەوەندییە داراییەكان لە ماوەیەك  كە زیاتر بێ‌ لە (3) مانگ.
دووەم: دەستە بۆی نیە داوا بجوڵێنێ‌ لە دژی ڕاسپێردراو لە كاتی سەرپێچی كردن دەربارەی پێشكەشكردنی ڕاپۆرتی ئاشكراكردنی بەرژەوەندییە داراییەكان بە گوێرەی خاڵی یەكەم لەم یاسایە تەنها دوای ئاگاداركردنەوەی ڕاسپێردراو بە نوسراوێكی فەرمی كە دەستە ئاراستەی دەكات،داوای لێ‌ دەكرێت بە پێشكەشكردنی ڕاپۆرتەكە لەو ماوەییەی بۆی دیاری كراوە، پێی ڕادەگێیندرێت  بە گوێرەی بنەماكانی پێ‌ ڕاگەیاندن لە یاسای دادبینی شارەستانی (المرافعات المدنیە).
ماددەی (11):
دەستە هەڵدەسێت بە جوڵاندنی داوای سزایی بە گوێرەی ماددەی (19) لە یاسای دەستە لەسەر هەر ڕاسپێردراوێك كە بە ئەنقەست زانیاری بنەڕەتی بە هەڵە پڕبكاتەوە لە ڕاپۆرتی ئاشكراكردنی بەرژەوەندییە داراییەكان.
ماددەی (12):
دەستە هەڵدەسێت بە جوڵاندنی داوای سزایی بە گوێرەی بنەما گشتیەكان لە دژی ڕاسپێردراو ئەگەر هاتوو ڕاسپێردراو بە ئەنقەست خۆی بێ‌ ئاگا بكا لە هێنانی زانیاریە داواكراوەكان لە ڕاپۆرتی ئاشكرا كردنی بەرژەوەندییە داراییەكان.
ماددەی (13):
دەستە پشكنین دەكا دەربارەی ڕادەی ڕاستی و دروستی ئەو زانیاری و داتایانەی كە  ڕاسپێردراوەكان پێشكەشیان كردووە لە ڕاپۆرتی ئاشكرا كردنی بەرژەوەندییە داراییەكانیان  و كۆكردنەوەی زانیاری دەربارەی موڵكەكانیان لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق بۆدڵیابوون لە بێ‌ ئاگا نەبوونی ڕاسپێردراو لە هێنانی زانیارییە دیاری كراوەكان، دەستە لێكۆڵینەوە دەكا لە كاتی بوونی دژیەكی (تعارچ) لە بەرژەوەندییەكان.
ماددەی (14):
دەستە هەڵدەسێت بە ئاگاداركردنەوەی ڕاسپێردراو بە نوسراوێكی فەرمی كە ئاراستەی دەكرێت بە ئاشكرا كردنی هەر موڵك و ماڵێك یان بەرژەوەندییەك كە نەینوسیبێت لە ڕاپۆرتی ئاشكرا كردنی بەرژەوەندییە داراییەكان و داوای ڕاوبۆچوونیشی دەكات.
ماددەی (15):
فەرمانگەی خۆپاراستن و شەفافیەت لە دەستە هەڵدەسێت بە ووردبینی كردن و بەراوردكردنی گۆڕانكارییەكان و پێشكەوتنەكان لە سامانی ڕاسپێردراو یان سامانی هاوسەرەكەی یان یەكێك لە منداڵە ناكامەكانی، تێبینی هەر زیادبوونێك دەكات لە كاتی وەرگرتنی پۆستێك لە كەرتی گشتی یان ڕاسپاردنێكی گشتی بە جۆرێك كە ناگونجێت لەگەڵ سەرچاوەی ڕەوای خۆی، و بۆی هەیە پرس و ڕا بە كەسانی  شارەزا بكات لە هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت.
ماددەی (16):
دەستە هەڵدەسێت بە لێكۆڵینەوە كردن لە سەرچاوەی ئەو موڵك و ماڵانەی كە دەچنە چوارچێوەی حكومەكانی یاسای دەستە هەرچەندە تۆماركراویش بن بە ناوی خۆیان (ڕاسپێردراو) یان بە ناوی كەسێكی تر بێ‌، هەر چەندە ئەو موڵك ماڵانە لە ژێر ڕكێفی خۆی بێ‌ یان لە ژێر ڕكێفی كەسێكی تر بێ‌ مادام خاوەندارییەتیەكەی بۆ ڕاسپێردراو دەگەڕێتەوە.
ماددەی (17):
یەكەم: ئەگەر فەرمانگەی خۆپاراستن و شەفافیەت بۆی دەركەوت كە زیادەیەك هەیە لە سامانی ڕاسپێردراو یان هاوسەرەكەی یان یەكێك لە منداڵە ناكامەكانی كە گونجاو نەبوو لەگەڵ داهاتی دروستی خۆیان، یان پەیوەندی هەبێت بە یەكێك لەوانەی دەیانگرێتەوە بە گوێرەی حكومەكانی یاسای بە دەست هێنانی ناڕەوا،ئەوا لەسەری پێویستە كە سەرجەم مامەڵە و دیۆكۆمینت و زانیارییەكان بدات بە فەرمانگەی كاروباری یاسای و لێكۆڵینەوەكان لە دەستە، بۆ جوڵاندنی داوای بەدەست هێنانی ناڕەوا لە دژی ئەوەی ئەو كەسەی كە پەیوەندی بە بەدەست هێنانە ناڕەواكە هەیە لەبەردەم قازی لێكۆڵینەوەی تایبەتمەندی ڕاستەوخۆ،بە گوێرەی حكومەكانی ماددەی (15/ دووەم) لە یاسای دەستە.
دووەم: ئەگەر بێت و ئەو كەسەی فەرمانگەی خۆپاراستن و شەفافیەت بە بەدەست هێنانی ناڕەوای دیاری كردبوو سەرۆكی هەرێم بوو یان جێگرەكەی یان سەرۆكی پەرلەمان یان جێگرەكەی یان یەكێك لە ئەندامانی پەرلەمان یان سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران یان جێگرەكەی یان یەكێك لە وەزیرەكان یان یەكێك لە بریكاری وەزارەتەكان یان یەكێك لە سەرۆكی دەستە سەربەخۆ كان یان جێگرەكانیان بوو ئەوا سەرۆكی دەستە هەڵدەستێت بە ئاگاداركردنەوەی ئەنجومەنی دادوەری بۆ لێكۆڵینەوە كردن لەو تاوانە و ناردنی دۆسیەكە بۆ دادگا بە گوێرەی یاسا، پاڵپشت بە ماددەی (15/ دووەم) لە یاسای دەستە.
ماددەی (18):
فەرمانگەی خۆپاراستن و شەفافیەت بە هاوكاری لەگەڵ فەرمانگەی كاروباری یاسای و لێكۆڵینەوەكان هەڵدەستێ‌ بە پشكنین و گەڕان بە دوای سامانی گومان لێكراو كە بە شێوەی ناڕەوا بە دەستی هێناوە یان سامانی هاوسەرەكەی یان منداڵە ناكامەكانی بە مەبەستی دەست بەسەرداگرتنیان یان بە مەبەستی گەڕانەوەی بەدەست هێنانە ناڕەواكە بە گوێرەی ڕادەی سوود وەرگرتنی لە هەر یەكێكیان.
ماددەی (19):
فەرمانگەی خۆپاراستن و شەفافیەت هەڵدەستێت بە كۆكردنەوەی سەرجەم زانیاری و ژمارە و ڕاستیەكان دەربارەی رَێوشوێنی بەدەست هێنانی ناڕەواكە، و دژیەكی لە بەرژەوەندییەكان و شی كردنەوەیان  و دەركردنی ڕاپۆرت لە نیوەی هەموو ساڵێك بە زانیاری  و ڕاستیەكان و بڵاوكردنەوەی بۆ ڕاگەیاندنەكان و جەماوەر.
ماددەی (20):
پابەند بوون بەو ئەركانەی كە دەقیان لەسەر هاتووە لەم ڕێنماییە سیفەتی ڕەوایەتی نادات بەو سەرپێچیانەی كە دەبێت دانیان پێدابنرێت.
ماددەی (21):
ئەو ڕێنماییە لە ڕۆژنامەی (وقائع كوردستان) بڵاودەكرێتەوە و لە ڕێكەوتی دەرچوونی یاسای دەستە لە (30/6/2011) جێ‌ بە جێ‌ دەكرێت.

دەقی جاوپێکەوتنی سەرۆکی دەستەی دەسپاکی لە کەناڵی (K24) دەربارەی کارو جاڵاکیەکانی دەستە

کۆنگرەی رۆژنامەوانی سەرۆکی دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٣

ووتاری سەرۆکی دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بۆ ساڵی 2023

د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ نێوده‌وڵه‌تی له‌ میسڕ

هێڵی گه‌رمی ده‌سته‌ی ده‌سپاکی

ئەلبومی وێنەکانی سەرۆکی دەستە