بەشی ئاشکراکردنی بەرژەوەندییە داراییەکان لە فەرمانگەی خۆپاراستن و شەفافییەت لە ڕۆژانی( ١٤-١٦/٩/٢٠٢٠) هەڵسا بە ئەنجامدانی سیمینارێک بۆ نوێنەرانی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی ئاشناکردنیان بە کۆی پرۆسەی ئاشکراکردنی بەرژەوەندییە داراییەکان و هەروەها ڕوونکردنەوەی ئەو دەقانەی پەیوەندارن بە پرۆسەکە لە (یاسای دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان ژمارە (٣)ی ساڵی( ٢٠١١)ی هەموارکراو) و (ڕێنمایی ئاشکراکردنی بەرژەوەندییە داراییەکان ژمارە( ٢)ی ساڵی ٢٠١٦). سیمینارەکە لە لایەن (چرا عمر صالح /بەرپرسى بەشى ئاشکراکردنى بەرژەوەندییە داراییەکان) پێشکەشکرا. هەروەها نزیکەی دوو کاتژمێر بوو بۆ هەر ڕۆژێک کاتژمێری یەکەم تەرخانکرابوو بۆ ڕوونکردنەوەی سیستەمی ئاشکراکردنی بەرژەوەندییە داراییەکان و تاوانی بە دەستهێنانی ناڕەوا و هەروەها بابەتی بەریەککەونتی بەرژەوەندییەکان بە شێوەیەکی گشتی.کاتژمێری دووەم تەرخانکرا بۆ ڕوونکردنەوەی پرۆسەی ئاشکراکردنی بەرژەوەندییە داراییەکان لە ڕووی پراکتییەوە هەروەها چۆنییەتی کارکردنی بەشی ئاشکردنی بەرژەوەندییە داراییەکان و هەماهەنگی لەگەڵ دامو دەزگاکانی تر بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە.ئامانج لەم سیمینارە پێدانی زانیاری و ئاشناکردنی نوێنەران بوو بە پرۆسەکە، هەروەها زانینی ئەرکەکانی داهاتوویان، دروستکردنی پەیوەندی پتەو لەگەڵ دامودەزگاکان بۆ بەرەو پێشچوون و ڕاپەڕاندنی کاروبارەکانی بەشی ئاشکراکردنی بەرژەوەندییە داراییەکان لە فەرمانگەی خۆپاراستن و شەفافییەت.