یاساکانی وڵات ڕەنگدانەوەی پێشکەوتنی کۆمەڵگەن, بۆیە ئەنجامدانی توێژینەوەی لەبارەی سیستەمی یاسایی لەهەر وڵاتێکدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە ، دەستەی گشتی دەسپاکی بەئەرکی زانیوە کە بەشداربێت لە ئەنجامدانی توێژینەوە سەبارەت بە پڕۆسەی پێداچوونەوەی دەقە یاساییەکان و بەدواداچوونی رادەی جێبەجێ کردنیان بەگشتی و یاساکانی پەیوەندیدار بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چاکسازی کارگێڕی لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی .بابەتی ئەم توێژینەوەیە تایبەتە بە دیراسەکردنی ژمارە و بڕوانامەی ئەو کەسانەی کە لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بەپلەی (ڕاوێژکار) یان (بەڕێوەبەری گشتی) خزمەت دەکەن, دوای ئەوەی بەنووسراوی فەرمی داوامان لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە زانیاری لەسەر بڕوانامەی ئەو کەسانەی کە بەپلەی (ڕاوێژکار) یان (بەڕێوەبەری گشتی) بۆمان بنێرن, دواترو بە پشت بەستن بەنووسراوی فەرمی ئەو دامەزراوانە زانیارییەکانمان بەراورد کردووە لەگەڵ یاسای دامەزراوەکان تاوەکو ڕادەی پابەندبوونی دامەزراوەکان بەیاسا سەبارەت بە ژمارە و بڕوانامەی (ڕاوێژکار) و (بەڕێوەبەری گشتی) بخەینە ڕوو .شایەنی ئاماژە پێکردنە ، زۆربەی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان وەڵامی نووسراوی ئێمەیان داوەتەوە و زانیارییەکانیان بۆ ناردووین ، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە دامەزراوەکان وەڵامی نووسراوەکەیان نەداوەتەوە . ئەم توێژینەوەیە لەلایەن بەشی شەفافیەت و رەفتاری وەزیفی لەدەستەی دەسپاكی ئامادەكراوە .