
له چوارچێوهى یادكردنهوهى ڕۆژى جیهانى بهرهنگاربوونهوهى گهندهڵى، دهستهى دهستپاكى ههرێمى كوردستان ئامارى دۆسییهكانى گهندهلى بڵاو كردهوه. د.ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، “لە هەرێمدا زیاتر لە 460 كەس بە پلەی تایبەت خانەنشینكراون” و ئەو پلەیەشیان نەبینووە و لە ئێستاشدا لێكۆڵینەوەیان تێدا دەكرێت. د.ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەسپاكی هەرێم لەكۆنگرەكەدا رایگەیاند، “چاكسازی لە هەرێمی كوردستان لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی حكومەتەوە هەوڵی بۆدراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، پێمانوایە دەبێت حكومەت سیتمێكی نوێ بۆ ئەو كارە جێبەجێبكات، وەك دەزگایەكی چاودێری داوا دەكەین ساڵی 2018 ساڵی چاكسازی ریشەیی بێت لە هەرێم”. ئاماژەی بەوەشكرد، ستراتیژی نیشتمانی دەستەكەیان بۆ دژایەتی گەندەڵی لەگەڵ دەزگایەكی بەریتانی ئامادەكارییان كردووە بۆ ئەو ستراتیژە نیشتمانییەكان كە ئەمساڵ حكومەت بڕیاری لەسەرداوە، چەند پێشنیارێكیان داوە بە حكومەت تا لیژنەیەكی باڵا دروستبكات بۆ كاركردن لە سەر ئەو ستراتیژە، “داوا دەكەین بە زووترین كات ئەو لیژنە باڵایە لە ساڵی ئایندەدا بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە تا پڕۆسەی چاكسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی خێراتر بكرێت”. د.ئەحمەد ئەنوەر ئەوەشی وت، “كەمتر لە سێ ساڵە دەستمان بە لێكۆڵینەوە كردووە لە كەیسەكانی گەندەڵی، ئەو كارانەی كردوومانە بە كەمترین كادر ئەنجاممان داوە، ئێمە 18 لێكۆڵەری دادیمان هەیە، لەكاتێكدا پێویستمان بە زیاتر لە 100 لێكۆڵەری دادی هەیە، بەهۆی نەبوونی توانای ماددی و بوونی قەیرانەكان”. وتیشی، لە رێگەی فەرمانگەی یاسایی دەستەوە، كە نوێنەرایەتی دەستە دەكات لە دادگاكان لە كەیسەكانی گەندەڵیدا پڕۆسەی ووردبینی لە بڕوانامەی دكتۆرا لە زانكۆ فەرمییەكاندا كراوە. ئەوەشی خستەڕوو،” 190 كەیسی گەندەڵی هەواڵدەریمان هەیە لێكۆڵینەوەی تێدا دەكرێت و نەچووەتە بەردەم دادگا، هەروەها 178 كەیسی دیكە لە بەردەم دادگایە”. د.ئەحمەد ئەنوەر رونیشیكردەوە، داوا دەكەن دادگایەك تایبەت بكرێت بە كەیسەكانی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان، ئەوەش لە پێناو خێرا كاركردن لە كەیسەكانی گەندەڵیدا. دەربارەی ئەو كەرتانەی كە داواكانیان تێدا هاتووە وتی، “زۆرترین داوا لەبارەی كەرتی وەزارەتی دارایی و ئابووری-یەوە هاتووە، كە 78 كەیسە، هەروەها وەزارەتەكانی ناوخۆ و پەروەردە و كارەبایە”. لەبارەی كەیسی خانەنشینانی نا یاسایی لە هەرێم رایگەیاند، “ئێمە لە ساڵی 2015ەوە كار لە سەر ئەو كەیسە دەكەین، لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 460 كەس بە پلەی تایبەت خانەنشینكراون و ئەو پلە وەزیفیەشیان نەبینووە و لە ئێستاشدا لێكۆڵینەوە لە كەیسەكاندا دەكرێت”.