کاتێک مرۆڤ لە ژیانى ئاسایی خۆى رەفتاردەکات بەپێی سروشتى ئەو ڕۆڵەى کە دەیگێڕێت کارى گەرى لەسەر ڕەفتاریشیدا دروست دەبێت، بۆ نموونە ڕەفتارى فەرمانبەرێک لەگەڵ فەرمانبەرێکی تر جیاوازە وەک ئەوەى فەرمانبەرێک لەگەڵ بەڕێوەبەرەکەى یا بەرپرسەکەى ئەنجامى دەدات، بەهەمان شێوەش ڕەنگە ڕەفتارى فەرمانبەرێک لەگەڵ فەرمانبەرێکى تر لەگەڵ هاوڵاتیەکى ئاسایی جیاوازبێت، ئەم جیاوازیانەش هۆکار و دەرئەنجامى خۆى لێدەکەوێتەوە.
ماکس ڤێبەر کۆمەڵناسی ئەڵمانی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی دابەش کردووە بۆ سێ بەشی سەرەکی ئەوانیش:
بەشی یەکەم: ڕەفتاری ڕەمەکی:
ئەم جۆرە لە ڕەفتارە پێکدێت لەو ئارەزوو و سۆزە سروشتیەی کە لە ناخی مرۆڤەکاندا بوونی هەیە ، ڕەمەکیەت حەزێکی بایۆلۆژیە کە لە نەستی مرۆڤەوە دەردەچێت و هانی مرۆڤ دەدات بۆ تێرکردنی حەزو ئارەزووەکانی، جۆریشى زۆرە وەک هەستەکانی (سێکس و موڵکداری و ترس و مردن و دایکایەتی وکاولکاری و ….هتد).ئەمجۆرە لە ڕەفتارەى مرۆڤ هاوشێوەی ڕەفتاری ئاژەڵ وایە مێشک ڕۆڵێکى واى لە ئەنجامدانیدا نابینێت.
بەشی دووەم: ڕەفتاری چاولێکەری:
ئەم ڕەفتارە لە داب ونەریتەکانی کۆمەڵگاوە دروست دەبێت، کەسەکان ڕەفتار لە کەس و ژینگەی دەوروبەریەوە وەردەگرن واتە لە(خێزان، دایەنگا، باخچەی ساوایان، خوێندنگە، خزمایەتی، مزگەوت، کەنیسە، تیپی یاریکردن،..هتد) ، کەسانی دەوروبەر کاریگەریان لەسەر تاک دەبێت بۆ شوێنکەوتنی ئەم جۆرە لە ڕەفتاردا.
بەشی سێیەم: ڕەفتاری کۆمەڵایەتی عەقڵی:
ئەو بەشەیان کڕۆکى بابەتەکەى ئێمەیە، مەبەستمانە لەوێوە ڕەفتارى گەندەڵکارانەى تاکەکان بەدیار بخەین، دەتوانیین بڵێین ئەم جۆرە ڕەفتارە تێکەڵەیەکە لە هەردوو ڕەفتاری ڕەمەکی و چاولێکەری، لێرەدا تاک بەشێوەیەکی زیرەکانە و دانایانە هەم خواستە ڕەمەکیەکان و هەمیش خواستە تەقلیدیەکانی بەشێوەیەکی ژیرانە تێردەکات وبۆ ئەنجامدانی هەر کارێک و پڕکردنەوەی هەر پێداویستیەکی (غەریزی یان تەقلیدی) پشت بە مەنتق دەبەستێت .
ماکس ڤێبەر ئەم جۆرە ڕەفتارە واتە جۆری سێ یەمی دابەش کردوە بۆ سێ بەشی تر کە ئێمە لێرەدا بەمەبستمانە بزانین لەکوێدا لەگەڵ ڕەفتارى فەرمانبەر یا کەسى گەندەڵکار یەکدەگرێتەوە، ئەوانیش:
ڕەفتاری کۆمەڵایەتى عەقڵى کە خاوەن هۆیەکی نا عەقڵی(نابەجێ) و مەبەستێکی عەقڵانى(بەجێ)ى هەیە:
مەبەست لەم جۆرە ڕەفتارە ئەوەیە کە تاک بۆ تێرکردن و پڕکردنەوەی پێداویستیە یاسایی و شەرعییەکانی پەنا بۆ هۆکاری نا بەجێ و نەشیاو دەبات، بۆ نموونە: کەسێکى بازرگان لە ڕێگەی نەشیاو پارە بەدەست بهێنێت، یان قوتابیەک بۆ ئەوەی بڕوانامەیەک بەدەست بهێنێت پەنا بۆ رێگەی ناشیاو دەبات، یا فەرمانبەرێک لەپێناو بژێوى ژیانى خۆى پەنا بۆ بەرتیل وەرگرتن دەبات، لەڕاستیدا بەدەست هێنانی پارە و بڕوانامە و باشترکردنى ژیان مەبەستێکی عەقڵی ودروست و تەواوە، بەڵام هۆکارەکە نا عەقڵی ونەشیاوە، کەواتە لێرەدا دەستکەوتەکان لەرێگایەکى ناشەرعى دەستەکەوتوون و زەرەر بەبەرژەوەندى گشتى دەگەیەنێت و دەچێتە چوارچێوەى خانەى گەندەڵى.
ڕەفتاری کۆمەڵایەتى عەقڵی کە خاوەن هۆیەکی عەقڵی(بەجێ) و مەبەستێکی ناعەقڵی(نابەجێ)ى هەیە:
مەبەست لەم جۆرە ڕەفتارە ئەوەیە کە تاک بۆ تیرکردن و پڕکردنەوەی پێداویستییە نایاسایی و ناشەرعیەکانی پەنا بۆ هۆکاری دروست و یاسایی دەبات، بۆ نموونە، هەمان بازرگان و سەرمایەدار هۆکاری زانستی و ئامێری پێشکەوتوو و کەسی شارەزا و کادری لێهاتوو بەکاردەهێنێت بۆ بەرهەم هێنانی کاڵایەک یادەستکەوتێک ئەمە تا ئێرە دروستە ، بەڵام کاتێک کاڵاکەی دەخاتە بازاڕەوە بە گران دەیفرۆشێت، بەمانایەکی تر بازاڕ قۆرغ دەکات، لێرەدا بەکارهێنانی هۆیەکانی بەرهەم هێنان عەقڵی و دروست و شیاون بەلام مەبەستەکە (قۆرغکردن و گرانفرۆشی)ناعەقڵی ونەشیاوە، بەهەمان شێوەش کاتێک فەرمانبەرێک هەرچى ئامراز و ئامێر و کەرستەى پێشکەوتووى ناو فەرمانگاکەى خۆى بەکاردەهێنێت، بەڵام لەپێناو بەرژەوەندى کەسى خۆى و دوور لە بەرژەوەندیەکانى گشتى و حکومى، ئەوە دەچێتە خانەى قورغکارى و لەوێ گەندەڵى دەیگرێتەوە.
ڕەفتاری کۆمەڵایەتى عەقڵی کە خاوەن هۆیەکی عەقڵی یە ومەبەستێکی عەقڵی هەیە:
مەبەست لەم جۆرە ڕەفتارە ئەوەیە کە تاک بۆ تێرکردن و پڕکردنەوەی پێداویستیە یاسایی و شەرعیەکانی پشت بە هۆکاری دروست و شیاو دەبەستێت، لەپێناو مەبەستێکی دروست و شیاودا، بۆنموونە: هەمان بازرگان و سەرمایەدار و فەرمانبەر هۆکاری زانستی و ئامێری پێشکەوتوو و کەسی شارەزا و کادری لێهاتوو بەکاردەهێنێت بۆ بەرهەم هێنانی کاڵایەک و بە نرخێکی گونجاو دەیخاتە بازاڕەوە و ئامانجیش سوود گەیاندنە بەبەرژەوەندى گشتى، لێرەدا هەم هۆکارو هەمیش مەبەستەکە عەقڵی ودروست و شیاوون.
بەسوود وەرگرتن لە پۆلینکاریەکەى ماکس ڤیبەر، واپێویست دەکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنى رەفتارى وەزیفى تاکەکان و ڕووبەڕووبوونەوەى دیاردەى گەندەڵى لە کەرتى گشتى و لەو ناوەندانەشى کە کاریگەریان لەسەر بژێوى ژیانى هاوڵاتیان بەگشتى هەیە، پێداچوونەوەیەکى زانستى و بابەتیانە لەسەر رەفتارى تاکەکانى کۆمەڵگا بکرێت و دەستنیشانى ئەو کەم و کوڕیانەش بکرێن کە هۆکارێکن بۆ بەربڵاوى ئەو دیاردەیە، تاوەکو بتوانرێت لە میانەوەیە ڕێگا چارەى زانستى و ئیداری گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە.
دارەوان نورالدین ابراهیم
ئەم بابەتە بەسوود وەرگرتن لە بابەتێکى تر لەسەر (ڕەفتارى کۆمەڵایەتى لەلایەن ماکس ڤیبەرەوە)وەرگیراوە