بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان
بەیاننامەیەکی هاوبەش لەلایەن دەستەی نەزاهەی فیدراڵی و دەستەی دەسپاکی لە هەرێمی کوردستان
لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی هاوبەشی نیشتمانی بۆ پاراستنی سامانی گشتی و دامودەزگاکانی دەوڵەت و چەسپاندنی بنەماکانی دەستپاکی و شەفافیەت و سەروەری یاسا، دەستەی نەزاهەی فیدراڵی و دەستەی دەسپاکی لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئامادەباشی خۆیان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاری و هەماهەنگی نێوانیان دووپات دەکەنەوە، بەگوێرەی بنەماکانی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان، لەوانەش یاسای دەستەی نەزاهە و دەستکەوتی نایاسایی ژمارە (٣٠ی ساڵی ٢٠١١) هەموارکراو، هەروەها یاسای دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان ژمارە (٣ی ساڵی ٢٠١١) هەموارکراو، و بەشێوەیەک کە تەواوکەری کاری دەزگاکانی چاودێری لە سەرتاسەری عێراق بەهێز بکات.
لە میانی سەردانەکەی سەرۆکی دەستەی نەزاهەی فیدراڵی و شاندی یاوەری بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی 25-26/8/2026، لەسەر بانگهێشتنامەی سەرۆکی دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان، کە چەندین کۆبوونەوەی لەخۆگرتبوو بە ئامانجی پتەوکردنی هاریکاری و هەماهەنگی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
کەوا ئەو دوو دەزگایە پێزانینی خۆیان بۆ ئەو پاڵپشتییە دەردەبڕن کە لەلایەن هەرسێ دەسەڵاتەوە دەکرێت: دادوەری و یاسادانان و جێبەجێکردن، لەسەر هەردوو ئاستی فیدراڵی و هەرێمی، بۆ هەوڵەکانی دەزگاکانی چاودێری لە بەدواداچوونی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی و وەرگرتنەوەی ئەو پارانەی لێی وەرگیراون، لە پێش هەموویانەوەش دەسەڵاتی دادوەری، کە بە چەتری دەستووری و یاسایی دادەنرێت بۆ ڕێکارەکانی لێپێچینەوە ولێکۆڵینەوە، هەروەها پشتیوانی سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی هەرێم و پشتگیریکردنیان لە هەوڵەکانی دامەزراوەکانی چاودێری دەوڵەت، کە بەشداردەبێت لە توانای ئەنجامدانی ئەرکەکانیان بە شێوەیەکی سەربەخۆ و کاریگەر.
هەردوو دەستەکە جەخت لەسەر پێویستی چڕکردنەوەی ڕۆڵی کارایی لە دامەزراوەکانی دژە گەندەڵی دەکەنەوە بۆ ئەوەی هەموو جوگرافیای عێراق بگرێتەوە و ڕێکارەکان ڕێکبخەن بۆ ئەوەی جوگرافیا نەبێتە بەربەستێک بۆ ڕێگریکردن لە هەماهەنگی یان ڕێگریکردن لە هەوڵە هاوبەشەکان. هەروەها ئاماژە بە گرنگی پەرەپێدانی میکانیزمی هاوکاری لە جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن و فەرمان و بڕیارە دادوەرییەکان دەکەن، بەمەبەستی دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی یاسا و ڕێگریکردن لە ئیستغلالکردنی ئەو کەسانەی لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا داواکراون بۆ سنوورە کارگێڕییەکان یان جوگرافییەکان بۆ خۆدزینەوە لە ڕێکارە یاساییەکان، هەروەها وەک یەک تیم کاربکەن لە بەدواداچوونیان و هێنانەیان بۆ بەردەم دەسەڵاتی دادوەری تایبەتمەند.
لەو چوارچێوەیەشدا دووپاتی دەکەنەوە کە هیچ پەناگەیەکی ئارام بۆ گەندەڵکاران، و بۆ داهاتی بەدەستهاتوو لە گەندەڵی، نیە. هاوکاری نێوان دەزگاکانی چاودێری لە حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان پایەیەکی بنەڕەتییە لە بەرتەسککردنەوەی ڕێگاکانی هەڵهاتن و شاردنەوەی ئەو پارەیەی لە تاوانەکانی گەندەڵی بەدەست هاتووە، هەروەها لە پتەوکردنی هەوڵەکانی وەرگرتنەوە و گەڕاندنەوەیان بۆ خەزێنەی گشتی، بەگوێرەی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان و بڕیارە دادوەرییەکان.
هەروەها هەردوو دەستەکه ڕێککەوتن له سەر بەهێزکردنی هاریکاری له بوارەکانی ڕاهێنان و هۆشیاری و خۆپارێزی، ئەمەش به شدار دەبێت له بەرزکردنەوەی کارایی ئەنجامدانی چاودێری و بەهێزکردنی کولتووری دەسپاکی و شه فافیه ت و لێپرسینەوه.
ئەو دوو دەستەیە پێیان وایە، تەواوکاری ڕۆڵی چاودێری لە نێوان بەغدا و هەولێر، لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا، متمانەی هاووڵاتی بە دامەزراوەکانی دەوڵەت بەرز دەکاتەوە، وبەشداردەبێت لە پاراستنی ئابووری نیشتمانی و دابینکردنی کەشێکی سەقامگیر و دڵنیا بۆ وەبەرهێنان، هەروەها دووپاتی ئەوە دەکاتەوە کە پاراستنی سامانی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی نیشتمانییە کە سنوورە ئیدارییەکان ڕێگری لێناکەن، و هەمووان یەک دەستن لە جێبەجێکردنی یاسا و ڕاوەدوونانی گەندەڵکاران و ڕێگریکردن لە ڕزگاربوونیان لە سزا.
دەستەی نەزاهەی فیدراڵی
دەستەی دەسپاکی لە هەرێمی کوردستانی عێراق

