ڕاگەیاندنى دەستەى دەسپاکى
ڕاگەیاندنى دەستەى دەسپاکى
بەبۆنەى ڕۆژى جیهانى دژە بەگەندەڵى
ئەمرۆ 9/12/2015 (١٠) ساڵ بەسەر کەوتنە بوارى جێ بەجێ کردنى ڕێککەوتن نامەى نەتەوەیەکگرتووەکان دژ بەگەندەڵى تێدەپەڕى پاش ئەوى ژمارەیەکى پێویست لە ووڵاتان پەسەندیان کرد ، ئەو ڕێککەوتننامە جیهانیە ئاکامى چەندین ساڵەى گفتوگۆى نێوان دەوڵەتانى ئەندام لە نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى و دەزگا پسپۆڕەکانى ئەو بوارە بوو ، عێراق لە ساڵى ٢٠٠٧ بەڕەسمى و بەیاسا و لە خولى یەکەمى ئەنجومەنى نوێنەران ئەو ڕێککەوتن نامەى پەسەند کرد و بووبە بەشێک لە سیستەمى یاسایى لەو ووڵاتە واتا حوکمەکانى ئەو ڕێککەوتننامەیە ئیستا بەشێکن لە یاسای عێراق وە جێ بەجێ کردنیان ئیلزامێکى یاسایى و نێودەوڵەتیشە.گەندەڵى یەکێکە لە دیارترین تاوانەکانى جیهان وەک بازرگانى بە ماددە هۆشبەرەکان ، تاوانى ڕێکخراو ، بازرگانى بە مرۆڤ ، وە ساڵانە سەروەت و سامانێکى یەکجار زۆرى ووڵاتان بەهۆى گەندەڵى بەهەدەر دەڕوات وە دەچێتە گیرفانى گەندەڵکاران.لەبەر ترسناکى ئەو تاوانە ووڵاتان کەوتنە خۆ بۆ ئەوەى دژایەتى ئەو تاوانانە لە ئاستى نێوخۆ ببێتە ئاستى جیهانى چونکە ئیستا ئەو تاوانانە بوونەتە تاوانى نێودەوڵەتى و داهاتەکانى گەندەڵى لە سنورى ووڵاتان تێپەڕی وە بەهۆى پێشکەوتنى تەکنەلۆژیا و ئاسانى گواستنەوەى پارە واتە تاوانێکى گەندەڵى لە ووڵاتێک ڕوودەدات داهاتەکەى دەکرێ لە ووڵاتێکى تر وەربگرێ و ئەو داهاتانەش لە ڕێگاى سپیکردنەوەى پارە (غسیل الأموال) بەردەوام هەوڵى بەشەرعیى کردنەوەى دەدرێت.ئاشکرایە عێراق ئەمرۆ یەکێکە لەو ووڵاتانەى ڕێژەیەکى گەورەى گەندەڵى تێدایە و بەردەوام لە ڕێزى پێشەوەى ئامارەکانى ڕێکخراوى شەفافیەتى نێودەوڵەتى دایە ، قەوارەى ئەو گەندەڵیانە یەکجار گەورەن کە ئەو ووڵاتەى لە لێوارى مایە پووچ بوون نزیک کردۆتەوە سەرەڕاى هەموو هەوڵەکان هێشتا هیوایەکى نزیک نیە بە کەم کردنەوەى ئەو تاوانە لە عێراق. بەڕێزان:لە هەرێمى کوردستان پەرلەمانى کوردستان لە ساڵى ٢٠١١ یاسایى دەستەى دەسپاکى پەسەند کرد وە لە ناوەڕاستى ساڵى ٢٠١٣ دەستکرا بە دامەزراندنى دەستەکە بە هەڵبژاردنى سەرۆکى دەستە لەناو پەرلەمانى کوردستان دەستپێکردنى ئەو پڕۆسەیە لە ڕوانگەى گرینگى دانى هەرێمى کوردستان دێت بەدژایەتى گەندەڵى و چاڵاک کردنى هەوڵەکانە لە بوارى چاکسازى و بەدامەزراوەى کردن.ئێمەش لە هەرێمى کوردستان گرفتارى گەندەڵین ئەمە یەکێکە لە گرفتە گەورەکانى بەردەم پڕۆسەى چاکسازى و سامانێکى زۆریش بە هەدەر دەڕوات ڕاستە وەزعى ئێمە لە عێراق باشترە بەڵام ئەمە ماناى ئەوە نیە کە گەندەڵى هەرەشە نیە بۆ سەر هەرێمى کوردستان ، بەڕەنگاربوونەوەى گەندەڵیەکان بەکارى دامەزراوەى و ستراتیژیەتێکى نیشتمانى هەمە لایەنە دەکرێ لەسەر بنەماى شەفافیەت ، لێپرسینەوە ، سەروەرى یاسا. قەیرانى دارایى کە تەنگى بە ژیان و گوزەرانى گەلەکەمان هەڵچنیوە دەکرێ هاندەرمان بێت لە پێناو خێراترکردنى پرسى چاکسازى و دژایەتى گەندەڵى لە هەرێمى کوردستان و پێشتریش دەستە زۆر جار پێشنیارى چاکسازى و بە دامەزراوەیى و بەڕەسمى کردوە بەڵام بەداخەوە نەکەوتۆتە بوارى جێ بەجێ کردن.دەستەى دەسپاکى پاڵپشتى ئەو بەرنامەیەى حکومەت دەکات بۆ دەسپێکردنى چاکسازى هەمە لایەنە لە هەرێمى کوردستان و بەگرنگى دەبینى هەمەلایەنە و ڕیشەیى بێ ، بە بەرنامەى زانستى دیراسەکراوبێت ، کۆدەنگى نیشتمانى لەسەر دروست بکرێ و ئێمە هەم لە قۆناغى دارشتن و هەم لە چاودێرى جێ بەجێ کردن دا هاوکارى و هاوبەشێکى گرینگى ئەو پڕۆسەیە دەبین.بەڕاى ئێمە هەنگاونان بەرەو دامەزراوەى کردن دام و دەزگاکان و چارە کردنى قەیرانەکان پێویستى بە پڕۆسەیەکى چاکسازى هەمە لایەنە و درێژ خایەنە کە دەبێ هەموو لایەک وە لە پێشەوە لایەنە فەرمانڕەواکانى کوردستان ئامادەبن باجى پڕۆسەى چاکسازى لە ئەستۆ بگرن و ئەو پڕۆسەیە کاتێکى زۆر و ئیرادەیەکى زۆر بەهێزى دەوێت بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەو ئاستەنگە زۆرانەى کە دێنە پێش.سەروەرى یاسا دەبێ دروشمى سەرەکى ئەو پڕۆسەیە بێت واتا هەموو کەس لە کوردستان دەبێ یەکسان بن لەبەردەم یاسا ، کوردستان پێویستى بە بەهێز کردنى ڕۆڵى دەزگا چاودێریەکانە دەسەڵاتى دادوەرى کە کۆڵەگەیەکى گرنگى ئەو هەرێمەیە دەبێ ڕۆڵى خۆى لەو پڕۆسەیە دا ببینێ و هاوکارى بکرێ لە دابین کردنى پێداویستى زیاتر لە مرۆیى و ماددى بۆ ئەو ئەرکە .دەزگاکانى داواکارى گشتى ، دیوانى چاودێرى دارایى و دەستەى دەسپاکى ، دەبێ ڕۆڵیان زیاتر بێت بە بەرنامە پەرە بە توانا مڕۆیى و ماددیەکانیان بدرێ بۆ ئەوەى چاودێرى باشى ئەم پڕۆسەیە بکەن. بەڕێزان: ئێمە لە کۆتایى ساڵى ٢٠١٥ نزیک دەبین و ساڵانە دەستە ڕاپۆرت لەسەر کارو چالاکیەکانى بڵاو دەکاتەوە کە پێش کۆتایى ساڵ ئامادەبى بەڵام پێم خۆش بوو بە چەند داتایەک هەندێ لە و کارو چالاکیانە بخەینە ڕوو.لاى ئێوەى بەڕێز ئاشکرایە کە پڕۆسەى دامەزراندنى دەستە کەوتە بارودۆخێکى بابەتى نالەبار لە ڕووى ئابوورى دۆخى شەڕى ناخوازراوى تیڕۆستان کە بەرنامەى تەواو کردنى دام و دەزگاکانى دەستەى زۆر لە کاتى بەرنامە بۆ دانراو دوا خست کە ئەوەش لە دەرەوە ئیرادەى ئێمە بوو ، بەڵام پرسى دامەزارندنى دەستەیەکى کارا ، پڕۆفیشناڵ ، بێ لایەن تا ئێستا بەردەوامە و ئێمە لەو بوارەوە هەموو هەوڵێکمان خستۆتە گەر و لە دەرگاى هەموو لایەکیشمان داوە لە ناوەوە و دەرەوەى ووڵات بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى توانایى مرۆیى و ماددى دەستە چەند هەنگاوێکمان ناوە بەڵام هێشتا زۆرمان ماوە لەو ئامانجە نزیک بینەوە کەخۆمان دیاریمان کردوە.• لایەنى خۆپارێزى دەستە: پار ساڵ دەستى بەدابەشکردنى فۆڕمى ئاشکرا کردنى سەروەت و سامانى بەرپرسانى هەرێمى کوردستان کرد و لە ماوەى زیاتر لە ساڵێک (٢٧١٧) فۆڕمى گەڕاونەتەوە دەستەى دەسپاکى بەڕێژەى ٩٩% کە سەرجەم بەرپرسانى باڵاى هەرێم سەرۆکایەتیەکان ، پەرلەمانتاران ، وەزیرەکان ، دادوەران ، پلە تایبەتەکان لە خۆ دەگرێـت ئەوە ڕێژەیەکى یەکجار دڵ خۆشکەرە بە بەراورد لەگەڵ دەستەى دەسپاکى عێراق کە زیاتر لە (١٠) ساڵە کاردەکات ڕێژەکە لاى ئەوان ٧٥% زیاتر نەبووە بۆ هەمان ساڵ ، بەهیواین ڕێژەکە بگاتە لە ١٠٠% هەروەها پڕۆسەى وردبینى لە فۆڕمەکان ئەنجام دراوە و لە داهاتوو دەخرێتە بوارى جێ بەجێ کردن بۆ دڵنیا بوون لە زانیاریەکانى ناو فۆڕمەکان.ماوەیەکە دەستمان کردوە بەدابەشکردنى فۆڕم بۆ ساڵى ٢٠١٥ لە پەرلەمانى کوردستان دەستمان پێ کردوە دواتر بۆ سەرجەم دەزگاکانى ترى دەنێرین داواش لە هەموو لایەک دەکەین کە ئیلتزام بەو ماوەیە بکەن کە بۆیان دیارى کراوە بە پێچەوانەوە هەنگاوى یەکەم ناوەکان بڵاودەکەینەوە و دواتریش ئیجرائاتەکانى یاساى دەست پێ دەکەین بەرامبەر ئەو کەسانەى فۆڕمەکان دوا دەخەن.دەربارەى خولەکانى ڕاهێنان بۆ بەرزکردنەوەى توانای فەرمانبەرانى دەستە و دام و دەزگاکانى ترى هەرێمى کوردستان لەم ساڵدا (١٥) خولى ڕاهێنان لە ناوەوەى ووڵات بە بەشدارى (٣٨٣) فەرمانبەر لە دەستە و دام و دەزگاکانى ترى هەرێم و (٨) خولیش لە دەرەوەى ووڵات بە بەشدارى (٧٧) فەرمانبەرى دەستە و دەرەوەى دەستە ئەنجام دراوە لە بوارە جیاجیاکانى یاسایى ، بەڕێوەبردن ، چاودێرى…هتد.شایەنى باسە بەشى زۆر ئەو خولانە بە هاوکارى ڕێکخراوى UNDP ئۆفیسى عێراق ئەنجام دراوە. ئەنجامدانى لێکۆلینەوەیەکى وورد بە داتا و ئامار لەسەر سزا کارگێرییەکان لەبەر ڕۆشنایى یاسای بەرزەفتکردنى فەرمانبەرانى دەوڵەت ژمارە (٤) ساڵى (١٩٩١)ى هەموار کراو کە هەموو دەزگاکانى هەرێم گرتۆتەوە بەڵام هێشتا هەندێک دەزگا داتاکانیان ڕەوانە نەکردووە بە تەواو بوونى تێبینى و سەرنجەکانمان لەسەر چۆنیەتى پیادەکردنى ئەو سزایانە بۆ دەزگاکان دەنێرین و دواتر توێژینەوەکە بڵاو دەکەینەوە. ئەنجامدانى توێژینەوەک لەسەر پۆستە باڵاکانى هەرێم و ئایا چەند پاپەند بوون بە یاساى دەزگاکانیان لە دانانى پۆستە باڵاکان و بڵاوکراوەتەوە لە سایتى دەستە و بۆ دەزگاکانیش نێردراوەتەوە. • لایەنى چاکسازى و هاوکارى یاسایى دەستە: پار و ئەم ساڵیش لە ڕێگەى فەرمانگەى یاسایى دەستى بە چەند هەنگاوێکى گرینگ کردوە بۆ دەستنیشان کردنى کەم و کوڕیەکانى کەرتى گشتى و ئەو سەرپێچیانەى لە پێوەرەکان کراون بۆ بەرزکردنەوەى فەرمانبەران و بەشێک لە ئاکامەکەشى بۆ دەزگاکانى خۆیان نێردراوە.ئێستا دەستە خەریکى دیراسەکردن و کۆکردنەوەى ناوى سەرجەم فەرمانبەرانى کەرتى گشتییە بۆ ئەوەى هەم زانیارى ورد و تەواوى هەبێت لەسەر ئەو کەرتە هەمیش بەوردى دیراسەى پابەند بوون بەیاسا و ڕێنماییەکان بکەین لە بەرزکردنەوەى پلەى فەرمانبەراندا.ژمارەى فەرمانبەران ئەوەى لاى ئێمەیە لە کەرتى مەدەنى جگە لە سەرۆکایەتى هەرێم (٥١٠,٠٠٠) فەرمانبەرن.بۆ نموونە: ئەو سەرپێچیانەى لە پێوەرى (بڕوانامە) کراون لە بەرزکردنەوەى پلە باڵاکان: پلە باڵا أ ٩ کەس ، پلە باڵا ب ١ کەس ، پلەى یەک ٤٧٠ کەس پلە دوو ١٠ کەس پلە سێ ٩٦٧ کەس ، بەتەواو بوونى ئەو لێکۆڵینەوە کانیش بۆ لایەنەکانى پەیوەندیدارى دەنێرین و بڵاویش دەکرێتەوە.• لایەنى لێکۆڵینەوە: لە ساڵى ٢٠١٥ (١٩٦) زانیاریمان لەسەر گەندەڵى پێ گەیشتووە لە هەرسێ پارێزگاکانى هەولێر ، سلیمانى ، دهۆک.هەولێر:ئەوانەى لە زانیارى بوونەتە هەواڵدەرى (کە دەستە بەدواداچوونى بۆ کردووە) لە هەولێر (٦٤) هەواڵدەرى کە (٤٥)ى بۆتە داواى سزایى واتە لەلایەن دادوەرى لێکۆڵینەوەى دەسپاکى لێکۆڵینەوەى تێدا دەکرێ لەو ڕێژەى(١٥) داواى داخراوە بە فەرمانى دادوەر بەهۆى نەبوونى توخمى سزاى ، (29) یان هێشتا لەژێر لێکۆلینەوەدان. سلێمانى: (80) هەواڵدەرى هەیە تا ئێستا ، (2٢)داوا سزایی ، (3) داخراوە بەهۆى فەرمانى دادوەر ، (3) ڕەوانەى دادگاکانى تر کراون بە پێى تایبەت مەندى و چەند کەسێک لە دەزگاکانى تڕ ڕەوانەوە واتە ئێستا (23) داواى سزاى لە سنورى سلێمانى هەیە لەژێر لێکۆڵینەوەن.دهۆک:لە دهۆک (19) زانیارى هاتووە ، (٢٢) بۆتە هەواڵدەرى (دەستە لێکۆڵینەوەى تیایدا دەکات) و هەندێکى تر لە دادگاکانى تر هاتووە ، کە (٨) بۆتە داواى سزایى. لە کوى ئەو داوایانە لەسەرجەم پارێزگاکان (١) داواى سزایى إحالەکراوە بۆ دادگاکان لە سنورى پارێزگاى دهۆک.تائیستا سەرووى (٥٥) کەس لەسەر کەیسەکان لەلایەن دادوەرى لێکۆڵینەوەى دەسپاکى بانگ کراوە کە زیاتر لە (٩) کەسیان لە پلەى تایبەتن و ئەوانەى تریش لە پلەکانى خواروترن. ڕێگیریەکانى بەردەم کارى دەستەکەمان:1. تەواو نەبوونى لایەنى یاسایى لە هەموار دەرکردنى چەند یاسایەک لەوانە سپیکردنەوەى پارەو و پاراستنى شایەت و هەواڵدەر.2. لایەنى مرۆیى کەمى کادیرى پسپۆڕ لەلایەنى لێکۆلەر و سەرجەم بوارەکانى تر کە لێرەدا سوپاسى زۆرى ئەنجوومەنى دادوەرى دەکەین کە ژمارەیەک لە کادیرى دڵسۆز و کاراى بۆ ئیش و کارى دەستە تەرخان کردوە و هاوکارى باشن لەو بوارەدا.3. لایەنى ماددى و بنیات نانى دەستەى دەسپاکى ، ڕاهێنان و پەرەپێدانى بەردەوامى تواناکانى دەوێت ئەوەش پێویستى بە ئیمکانیەتى ماددى زۆر هەیە کە بەداخەوە ئەو توانایەمان نیە و ئێستاش دەستە کۆمەڵێکى زۆر پێویستى ماددى هەیە دابین بکرێ کە ڕێگرى جدین لەبەردەم ئیش و کارەکانماندا.
هەنگاوەکانى داهاتوومان: 1
. ئامادەکردنى ڕەشنووسى ستراتیژیەکى بۆ دژایەتى گەندەڵى بەهاوکارى دام و دەزگاکانى تر هەرێم و چەند ڕێکخراوێکى کۆمەڵگاى مەدەنى بۆ ئەوەى دواى دیراسەکردن پەسەند بکرێت و لەسەر ئاستى هەرێم کارى پێ بکرێت.2
. دامەزراندنى ئەنجوومەنى هاوکارى باڵا بۆ دژایەتى گەندەڵى کە لە بوارە دا ئێمە چەند مانگێکە پێشنیارمان داوە ئەنجوومەنى وەزیران و چاوەروانین دواى وەڵامى ئەوان ئەو ئەنجوومەنە دابمەزرێ و سەرجەم دەزگایە پەیوەندیدارەکان لە خۆوە بگرێت.3
. کارکردن لەگەڵ پەرلەمانى کوردستان بۆ دەرکردنى چەند یاسایەک بۆ دژایەتى گەندەڵى و پاراستنى شایەت و هەواڵدەر و یاسایى سپیکردنەوەى پارە سەرجەم پێداویستیەکانى ڕێککەوتنامەى دژایەتى گەندەڵى لە نەتەوەیەکگرتووەکان.
4. تەواو کردنى کردنەوەى بەڕێوەبەرایەتیەکانى لێکۆڵینەوە و نووسینگەکانى لە پارێزگا و قەزاکانى هەرێم.
لە کۆتایدا دەستەى دەسپاکى هەموو لایەک ئاگادار دەکاتەوە کە کارەکانى بە دڵسۆزى و بێ لایەنانە بەڕێوە دەبات لەسەر بنەماى پاراستنى ناوبانگ و کەڕامەتى هەموو لایەک کە ئەمانەتە لە ئەستۆى ئێمە داواش لە هەموو لایەک دەکەین هاوکارمان بن بەسەرنج و پێشنیارەکانیان کارەکانمان باشتر بەڕێوەدەچێ و دەرگاى دەستە بۆ هەموو لایەک کراوەیە بۆ ئەم مەبەستە .
بژى ڕۆژى جیهانى دژایەتى گەندەڵىدەستەى دەسپاکى هەرێمى کوردستان9/12/2015