لەسەر بانگهێشتی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە بەرواری ٢٣/٢/٢٠٢١ لە هۆتێل بانۆژ لە هەولێر، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی خۆپاراستن و شەفافیەت بە نوێنەرایەتی سەرۆکی دەستەی دەسپاکی و بە یاوەری بەڕێوەبەری ئەکادیمیای دەسپاکی بەشدارییان کرد لە وۆرک شۆپی ( ڕەوشی دەستە سەربەخۆکان لە هەرێمی کوردستان ).
ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان بە هاوکاری سندوقی نیشتیمانی بۆ پاڵپشتی دیموکراسی NED ئەم وۆرک شۆپەی سازکردبوو کە تێیایدا ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان و مامۆستایانی زانکۆ و شارەزایان و نوێنەرانی دەستە سەربەخۆکان و چالاکوانان ئامادەبوون.
مەبەست لە ئەنجامدانی ئەم وۆرک شۆپە ئاشنایبوون بوو بە کاری دەستە سەربەخۆکان لە هەرێمی کوردستان، هەروەها تیشک خستەنەسەر هەموارکردنەوەی یاسای دەستەکان بوو.
دواتر دیبەیتێک لە نێوان نوێنەرانی دەستە سەربەخۆکان ئەنجام درا، کە نوێنەرانی دەستەی دەسپاکی و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان و دەستەی مافی مرۆڤ و دیوانی چاودێری دارایی بە شێوەیەکی تێر و تەسەل ئاماژەیان بە کەم و کوڕی یاساکان و پێویستی هەموارکردنەوەیان کرد.
هەروەها گفتوگۆیان لە بارەی کاری دەستە سەربەخۆکان لە هەرێمی کوردستان کرد.
هەر لەمیانەی دیبەیتەکەدا بەڕێوبەری گشتی فەرمانگەی خۆپاراستن و شەفافیەت باسی لە کار و چالاکییەکانی دەستەی دەسپاکی کرد و پلان و ئیش و کارەکانی دەستەی بۆ ئامادەبووان روونکردەوە.