رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی دەسپاکیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەم ساڵ لێکۆڵینەوەیان لە زیاتر لە 100 کەیسی گەندەڵی کردووە و دۆسێیەکانیان جووڵاندوون، کە وەزیری پێشوو و بریکاری پێشووی وەزارەتیان تێدایە؛ دەشڵێت، سزادان لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە.
رۆژی دووشەممە، 30ـی ئۆکتۆبەری 2023، حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، “ئەم ساڵ زیاتر لە 100 کەیسی گەندەڵیمان جووڵاندووە؛ دوو مانگیش کات ماوە و کەیسەکان زیاتر دەبن.”
حاکم ئەحمەد گوتی، کەیسەکان هەموویان تایبەتن بە گەندەڵی و لێکۆڵینەوەیان تێدا کراوە ناردنی بۆ دادگە کاری دادوەرانی لێکۆڵینەوەی دەستپاکییە نەوەکو دەستەی دەستپاکی، کە لە نێویاندا کەسانی پلە باڵاشیان تێدایە لە “پلەی وەزیری پێشوو و بریکاری پێشووی وەزارەت لە هەرێمی کوردستان.”
سەرۆکی دەستەی دەسپاکی ئاماژەی بەوەکرد، لێکۆڵینەوەیان لە 88 کەیسی پلە باڵای پێشوو کردووە و تاوەکو ئەمڕۆ رەوانەی دادگەی تایبەتمەند نەکراون.
زۆرجار رەخنەی ئەوە لە دەستەی دەستپاکی دەگیرێت کە دۆسێیە دەجووڵێنن و هیچ کەسێک بە تۆمەتی گەندەڵی سزا نادرێت. لەوبارەیەوە حاکم ئەحمەد گوتی، “ئێمە دۆسیەی وەزیر، بریکاری وەزارەت، بەڕێوەبەری گشتی و پەرلەمانتارمان بە تۆمەتی گەندەڵی رەوانەی لایەنی تایبەتمەند کردووە. ئەوەی لەسەر ئێمەیە جووڵاندنی کەیسەکانە؛ سزادان یان سزانەدان دادوەرانی دادگەکان بڕیاری لەسەر دەدەن.”
بەگوێرەی داتاکانی دەستەی دەسپاکی، شەش مانگی ساڵی 2022، کۆی ئەو کەیسانەی رەوانەی دادگە کراون و بە بڕیاری دادوەرانی دەستپاکی لێکۆڵینەوە تێیاندا تەواو کرابوو 138 کەیس بوون.