تۆڕی میدیایی ئێستا 27/08/2023
د. ئەحمەد ئەنوەر: ئەو كەسانەی بەپلەی باڵا خانەنشینبوون و شایستە نەبوون پلەكەیان لێوەرگیراوەتەوە
سەرۆكی دەستەی دەسپاكیی هەرێم رایدەگەیەنێت، بەپێی یاسای چاكسازیی هەر خانەنشینێك كە بە پلەی باڵا خانەنشینكراوە و لەو پۆستە نەبووە پلەكەی لێوەردەگیرێتەوە و دەشڵێت، “ئەو كەسانەی كە بە پلەی باڵا خانەنشینكراون مووچەكەیان كەمكراوەتەوە”.
د. ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەسپاكیی هەرێم لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئەو بڕگەیەی تایبەتە بە خانەنشینیی پلە باڵاكان لە یاسای چاكسازی خراوەتەوە بواری جێبەجێكردنەوە بە جۆرێك ئەو كەسانەی كە بەو پلەیە خانەنشینكراون و شایستەی پلەكە بوون پێشتر بە كۆی 80%ی مووچە و دەرماڵە خانەنشینكراون و ئێستا كەمكراوەتەوە بۆ 50%ی كۆی گشتیی مووچە و دەرماڵەكانیان.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، بەپێی یاسای چاكسازیی هەر خانەنشینێك كە بە پلەی باڵا خانەنشینكراوە و لەو پۆستە نەبووە پلەكەی لێوەردەگیرێتەوە و بە پلەی شایستەی خۆی خانەنشیندەكرێت و جگەلەوەش چەند بابەتێكی دیكەی نێو یاساكە خراوەتەوە بواری جێبەجێكردنەوە.