ئەمڕۆ چوارشەم 25/1/2023، بەرێز د.ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەرێز مونیر زەعروور بەرپرسی بەشی سیاسەت و پلاندانانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا لە فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی جیهان كرد كە لەگەڵ هەریەكە لە بەرێزان ئازاد حمدامین نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و بژار حەكیم جێگری نەقیب سەردانی دەستەكەیان كرد بوو.
لە كۆبوونەوەیەكدا، كە هەر یەكە لە بەرێزان هاژە عومەر بەرێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی دەستە و سەرخێڵ هاشم بەرپرسی راگەیاندنی دەستە ئامادەبوون، دووپات لەسەر گرنگی رۆڵی میدیا وراگەیاندنكاران لەبواری رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی كرایەوە.
بەڕێز د.ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان، كورتەیەكی لەسەر كاری دەستەكە خستەڕوو، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە دەستەكە بەپێی یاسا دامەزراوە و لەماوەی رابردوویشدا راگەیاندنەكان رۆڵی گرنگیان لە گەیاندنی پەیام و زانیارییەكانی دەستەی دەسپاكی هەبووە.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە پێویستە رۆژنامەنوسانی بۆ كاری رۆژنامەوانی بنكۆڵكاری ئامادە بكرێن و ئەوانیش بەشێك بن لە ئاشكراكردنی گەندەڵی.
لای خۆیەوە بەڕێز مونیر زەعروور سەرباری ئەوەی كورتەیەكی لەبارەی كاری فیدراسیۆنەكەیان لەماوەی رابردوو خستە ڕوو، باسی لەوە كرد، كە وەك چۆن رۆژنامەنووسی ئابووی یان سیاسیی هەیە، بە هەمانشێوە دەبێت رۆژنامەنووس هەبێت تایبەت بكرێت بە بواری بنكۆڵكاری و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.
ئامادەیی خۆیشی پێشاندا كە دەتوانن خولی جۆراوجۆر بۆ رۆژنامەنووسان لەو بوارە بكەنەوە، لە رابردوویشدا لە وڵاتانی تر كاریان لەسەر ئەو بوارە كردووە.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەیەدا دووپات لە هاوئاهەنگی نێوان دەستەی دەسپاكی و سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و فیدراسیۆنەكە كرایەوە تا لە داهاتوو پێكەوە هەنگاو و پڕۆژەی زیاتریان هەبێت.
پێشخستنی میدیاكانی كوردستان و دروستكردنی تۆڕی رۆژنامەنووسی لەبواری رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەشێكی تری گفتوگۆكان بوون.