رۆژی 13ی تشرینی یەکەم 2025، سەرۆكی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان د. ئەحمەد ئەنوەر و شاندی یاوەری کە پێکهاتبوون لە هاژە عومەر بەڕێوەبەری گشتی کارگێری و دارایی و د.عەدنان عەبدوڵا رەشید بەڕێوەبەری گشتی خۆپاراستن و شەفافییەت، سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی كرد و لە لایەن
هەڵگۆرد شێخ نەجیب و جێگری سەرپەرشتیار حەكیم تێلی پێشوازی كران.
ئامانجی سەردانەكە راگەیاندنی ژمارەی هێڵی گەرمی دەستەی دەسپاكی بوو لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بڕیاردرا ژمارەی هێڵی گەرمی دەستەی دەسپاكی ١٠١٥بۆ وەرگرتنی گلەیی و گازەندەی هاوڵاتییان لە فەرمانگە میرییەكان دابنرێن.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، هەڵگۆرد شێخ نەجیب رایگەیاند: “ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە ماوەی 3 ساڵی رابردوودا بە ئامانجی گەیاندنی دەنگی هاوڵاتیان و پەیڕەوكردنی شەفافیەت لە دامودەزگاكانی حكومەت لە پال هێڵی گەرمدا و بە ئەلیکترۆنیکردنی دامەزراوەکان و نەهێشتنی رۆتین و شەفافیەت، کە لە ئێستادا زۆربەی دامەزراوەکانی سنووری ئیدارەی سۆران بە شێوەی ئۆنلاین بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە بەستراونەتەوە؛ هەروەها هێلی گەرمی دەستەی دەسپاكیش هەنگاوێكی گرنگتر دەبێت بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و بە دامەزراوەیی و سیستماتیكردنی كارەكانی حكومەت لە هەرێمی كوردستان.
دواتر، سەرۆكی دەستەی دەسپاكی ژمارەی هێلە گەرمی ( 1015)ی ڕاگەیاند و گوتی: “24 كاتژمێر پەیوەندییەكانی هاوڵاتی وەردەگیرێن بە مەبەستی بەدواداچوون و چارەسەركردنی گرفتەكان و سوپاسی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی کرد بۆ پاڵپشتیی کردنی پرۆسەکە.


