مرۆڤ لە دوای بوون بە ئەزەل ھەم ئارەزووی مانەوە دەکات، ھەم پارێزگاری لە خۆی دەبێتە ئامانجی باڵا لە ژیانیدا تا ئێرە بۆ ھەموو مرۆڤێك ڕاستە، دوای مسۆگەرکردنی مانەوەی مەیلی باڵا دەست بوون لای بەشێك لە مرۆڤەکان پەیدا دەبێت، کە واتە ( بوون، مانەوە، باڵایی) پرۆسەیەکی نەبڕاوەیە و بەشێكە لە غەریزەکانی مرۆڤ. لەم پێناوەشدا پێویستی بەھەموو ئەو کەرەستە بەرجەستەیی و نابەرجەستیانە دەبێت بۆ تێپەڕبوونی خۆی بەھەر سێ قۆناغەکەدا بەشێوەیەکی سەرکەوتوو بۆ (بوون) پێویستی بە باوەڕھێنانە و بۆ (مانەوە)ش پێویستی بە پارێزگاریە و بۆ ئامانجی سێھەم و کۆتایی کە (باڵایی)ە پێویستی بەھەوڵە.گەندەڵی وەکو پرۆسەیەکی نابەجێ و ئاقار و رێگایەکی خراپ، دەکەوێتە چوار چێوەی ئەو ھەوڵدانە بەئامانجی باڵابوون لە ژیاندا، ئەمەش بۆ ھەموو قۆناغێك ڕاستە لە قۆناغی پێش کۆمەڵایەتی کە بە قۆناغی سروشتی ناودەبرێ مرۆڤ بۆ مانەوە و باڵایی خۆی دەستی بۆ ھەموو پێناوەکانی جەنگ بردوە تاکو لە و رێگەیەوە زاڵبوونی خۆی بنوێنێ و مانەوەی خۆشی مسۆگەر بکات، بەھەمان شێوە بۆ قۆناغی کۆمەڵایەتی دەست بۆ ھەموو ئامرازە نابەجێیەکانیش دەبات کە ھەمان ئەو ئامانجانەی پێ بەدەست دەھێنێ. گەندەڵی وەکو میکرۆبێک به سەر پڕۆسەی حکومڕانیەوه بە گەلێک شێوە دەردەکەویت، لەوانە بریتییە لە پێشێلکردنی یاسا و پابەندنەبوون بە بڕیار و ڕێنماییە یاساییەکانەوە، یان ئیستیغلالکردنی یاسا لە پێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندی سیاسی یان ئابووری یان کۆمەڵایەتی یان ماددى، بۆ کەسێک یا گروپێک یا حیزبێکی دیاریکراو، ھەروەها هەر که سیك پلە و پۆستی گشتی خراپ بەکاربێنێت بۆ بەرژەوەندی تایبەت بە خۆی یان بۆ گروپەکەی دەکرێ بە پرۆسەی گەندەڵی یاخود گەندەڵکاری ناوی بەرین. لێرەوە بۆ ناساندنی گەندەڵی بەشێوەیەکی گشتی، دەکرێت بڵێین؛ گەندەڵی کارێکی نایاساییە بۆ خۆدەوڵەمەندکردنێکی نایاسایی و زەرەر و زیانێکی گەورە بە بەرژەوەندی گشتی و پێشکەوتنی کایە گرنگەکانی کۆمەڵگا دەگەیەنێت.گەندەڵی دیاردەیەکی نێگەتیڤی ناو کایەی سیاسییە، جۆرێکە لە بیرکردنەوە، لە ڕەفتار و هەڵسوکەوت، لە کۆکردنەوەی سەروەت و سامان بە شێوەیەکی ناشەرعی و نایاسایی، یا بە هەدەردان و هەڵەخەرجی، کە تاکێک لە تاکەکانی کۆمەڵگا یان گروپێک یا کۆمپانیایەک یان دامودەزگایەکی حکومی یان ناحکومی، پێیهەڵدەستێت و ئەنجامیدەدات، لە پێناو دەستکەوت و بەرژەوەندی كەسی لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندی ئەوانی دیکە. کەواتە گەندەڵی بریتییە لە لەمپەری بەردەم چارەکردنی ئەوکێشانەی کە لە کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکانی بەشەری زەق دەبنەوە و دەبنە قەیران.ئەم دیاردە زیانبەخشە، لە بەشی هەرە زۆری کۆمەڵگاکاندا، بگرە دەتوانین بڵێین لە تەواوی کۆمەڵگاکاندا، بە رێژە و بڕی جیاواز بڵاوبووەتەوە و بوونی هەیە. بە تایبەت لە کۆمەڵگا عەرەبی و ئیسلامییەکان، یا گشتی تر ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، ڕێژەکەی هەم مەترسیدارە و هەم لە هەڵکشان و بەرزبوونەوەدایە. گەندەڵی و سەروەری یاسا، دووانەیەکی پێچەوانەن، بەو مانایەی لە غیابی یاسا و نەبوونی لێپرسینەوەی یاسایی، تۆوی گەندەڵی بە ئاسانی چەکەرە دەکات و زۆر بە زویی گەشە و نەشونما دەکات و گەورە دەبێت. بە پێچەوانەشەوە، بوونی یاسا و چاودێری یاسایی، وا دەکات تۆوی گەندەڵی، خاکێکی بە پیت نەدۆزێتەوە بۆ گەشە و نەشونماکردن و گەورەبوون.لە سەردەمی ئەمڕۆماندا لە پێوانەکردنی سەرکەوتنی حکومەتەکانی دنیا کەمی و نزمی ئاستی گەندەڵیش بووە بە پێوەرێکی تایبەت و گەورە، لە تەواوی سەنتەرەکانی توێژینەوەی جیهان کاری پێدەکرێت و ساڵانە پلەبەندی بەھەموو دەوڵەتان دەبەخشرێ، لەم سۆنگەیەوە گەندەڵی کۆی کایەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرھەنگی و زۆرجار ڕۆشنبیریش لەسەر ئاستی تاک لە کۆمەڵگا بەرەو داڕووخان دەبات. لێكۆلەری دەسپاكی
هاژە عمر