رۆژی دووشەم 2022/5/16، د.ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی بەرێوەبەرە گشتییەكانی فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد كە تایبەت بوو بە ستراتیجی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.
لە كۆبوونەوەكەدا كە هەر یەكە لە د.عەدنان عەبدوڵا بەرێوەبەری گشتیی فەرمانگەی خۆپاراستن و شەفافییەت و هاژە عومەر بەرێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی دەستە ئامادە بوون، تەئكید لەسەر جێبەجێكردنی ستراتیجەكە كرایەوە.
د.ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان لە دەسپێكی كۆبوونەوەكەدا رای گەیاند، ستراتیجی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆری هەیە و پێشتر چەندان كۆبوونەوە لەسەر پلانی جێبەجێكردنی ئەنجام دراوە.
ڕوونیشی كردەوە كە پێویستە بۆ جێبەجێكردنی ستراتیجییەكە هاوئاهەنگی نێوان فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەبێت.
سەرۆكی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان سەرنجی خستە سەر ئەوەی كە ستراتیجەكە ئەزموونێكی نوێیە لە كوردستان، بۆیە وڵاتان چاودێری جێبەجێكردنی دەكەن و بۆ ئەویش پێویستە هەمووان هاوكار بن.
دواتر لە كۆبوونەوەكەدا، بەرێوەبەری گشتیی فەرمانگەكانی حكومەت راو بۆچوونی خۆیان لەسەر ستراتیجەكە خستەڕوو.
ستراتیجی نیشتمانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان- عێراق 2021-2025 ئامادە كراوە و ئێستا پلانی جێبەجێكردنی كاری پێ دەكرێ.