ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٣/١١/٧ بەڕێز د.ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی هاژە عومەر بەڕێوەبەری نووسینگە و سەرخێڵ هاشم بەڕێوەبەری راگەیاندن، سوپاسنامەی دەسپاکی پێشکەش بەو پێشمەرگەیە کرد کە دوێنێ لەکاتی وەرگرتنی مووچەکەی پارەی زیادەی بە بڕی( نۆ ملیۆن و ١٠ هەزار) دیناری بۆ بانک گەڕاندەوە.
د. ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان وێڕای بەخێرهێنانی ئەو پێشمەرگەیە گوتی: کولتووری دەسپاکی لەناو کورددا بوونی هەیە و پێویستە ئەو کەسانەیشی بەم جۆرە مامەڵە دەکەن رێزیان لێ بگیرێ.
هەروەها باسی لەوە کرد، پێویستە هاندان بۆ دەسپاکی ئەرکی هەمووان بێت و ئەوەیشی وەک پێشمەرگەیەک کردووتە ئەوپەڕی دڵسۆزی و دەسپاکییە.
هەروەها د.ئەحمەد ئەنوەر نووسراوی فەرمیی سوپاس و پێزانین و درعی دەسپاکی پێشکەش بەو پێشمەرگەیە کرد.
لای خۆیەوە بەشدار مەغدید سوپاسی دەستپێشخەری سەرۆکی دەستەی دەسپاکی کرد بۆ ئەو هاندانە و بەڵێنێ دا لەسەر هەمان رەوشت بەردەوام بێت و گرنگی بە کولتووری دەسپاکی بدات.