رۆژی 5/10/ 2023، بەرێز د.ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو لیام و خاتوو تانیا كرد كە دوو شارەزای بەریتانین و لە كۆمپانیای Adam smith نێودەوڵەتی كار دەكەن.
لە كۆبوونەوەکەدا، بەسەرپەرشتی بەرێزان د.عەدنان عەبدوڵا بەرێوەبەری گشتیی فەرمانگەی خۆپاراستن و شەفافییەت و هاژە عومەر بەرێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی دەستە و سەوسەن میرانی بەرێوەبەری ئەكادیمای دەسپاكی بەشداربوون، گفتوگۆ لەسەر زیادكردنی هاوئاهەنگی كۆمپانیاكە و دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان کرا.
بەرێز سەرۆكی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكەدا تیشكی خستە سەر كارەكانی دەستەی دەسپاكی بەتایبەت پڕۆسەی ئاشكراكردنی بەرژەوەندییە داراییەکان كە ئەو كۆمپانیایە دەیانەوێ لەو بوارە هاوكاری دەستەی دەسپاكی بكەن.
كۆمپانیای Adam smith نێودەوڵەتی لە كۆبوونەوەكەدا، بڕیاریاندا خوولی راهێنان بۆ فەرمانبەرانی ئەو دامەزراوانە بكەنەوە كە پەیوەندی راستەوخۆیان بە سەروەت و سامانی بەرپرسانەوە هەیە و یەكەم خوولیش لە رۆژی یەكشەمەی داهاتوو دەبێت.