رەشەباکەی شەوی ١٩ و ٢٠ی ئەم مانگە کە دەکاتە رێکەوتی ١٩-٢٠ /٥ /٢٠٢٣، زیانێکی زۆری بە باڵەخانەی دەستەی دەسپاکی ھەرێمی کوردستان گەیاندوو بووە ھۆی رووخانی تەواوی فەرمانگەی خۆپاراستن و شەفافییەت.
فەرمانگەی خۆپاراستن و شەفافییەت لە نھۆمی سێیەمی باڵەخانەی دەستەی دەسپاکییە و لە ئەنجامی رەشەباکەی چەند شەوی رابردوو بە تەواوی بااڵەخانەکە رووخا کە ئێستە شوێنی دەوامکردنی تێدا نەماوە، جگە لەوەی کارەبا و تەواوی ئامێرە ساردکەرەوەکان لە کارکەوتوون.
ئەمڕۆ، د.ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەسپاکی ھەرێمی کوردستان، فەرمانگەکەی بەسەر کردەوە و لە نزیکەوە گوێی لە داواکاری فەرمانبەرانی فەرمانگەکە گرت.
جیا لە رووخانی ئەو نھۆمە، سێ ئۆتۆمبێلی دەستەی دەسپاکی بەھۆی کەوتنی “جەمەلۆن”ی سەر باڵەخانەکە زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
جێی ئاماژەیە باڵەخانەی دەستەی دەسپاکی ھەرێمی کوردستان، یەکێکە لە باڵەخانە کۆنەکانی ھەولێر کە لەماوەی رابردوو بۆ رووخان لە ماستەر پلانی ھەولێر دانرابوو، بەڵام لە پێناو ئەوەی کارەکانی دەستە بەردەوام بێت دەستەکە لەو شوێنەدا مایەوە و ھیچ باڵەخانەیەکی تری بۆ تەرخان نەکرا.
تیمەکانی بەرگری شارستانی ھەولێر، سەرقاڵی ئامادەکردنی راپۆرتێکن لەسەر ئەنجامی زیانەکان و دواتر رای گشتیی لێ ئاگەدار دەکەینەوە.