ئەمڕۆ پێنجشەم 20ی تشرینی دووەم، د.ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، سەردانی نوێنەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتی كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، د.ئەحمەد ئەنوەر مەبەستی سەردانەكەی بۆ بەغدا خستە ڕوو كە بەشدار بووە لە كۆبوونەوەیەكی فراوانی دەزگا چاودێرییەكان بە سەرپەرشتی نەتەوەیەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا.
هەروەها تیشكی خستە سەر، هەوڵەكانی دەستەی دەسپاكی كوردستان بۆ كەمكردنەوەی گەندەڵی و ئەو هاوئاهەنگییەی كە لەنێوان دامەزراوە چاودێرییەكانی هەرێم و عێراقدا هەیە.
لای خۆیەوە فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، ستایشی هەوڵەكانی د.ئەحمەد ئەنوەری كرد بۆ دروستكردنی پێوەندی تەندروست لەسەر بنەمای دامەزراوەكانی چاودێریدا.


