ئەمڕۆ سێشەم 19/7/2022، د.ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان و حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و د.جووتیار عادل بەرپرسی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و ئازاد حەمەئەمین نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، كە تایبەت بوو بە رۆڵی میدیا لە ستراتیجی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، د.ئەحمەد ئەنوەر وێڕای بەخێرهێنانی میوانان، رای گەیاند، میدیا رۆڵی گرنگی لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی هەیە، بۆیە پێویستە بە تەواوی كاری خۆیان بكەن لەو بوارەدا.
ڕوونیشی كردەوە كە ستراتیجەكە شوێنگرەوەی هیچ دامەزراوەیەك نییە و هەر دامەزراوەیەك دەتوانن رۆڵی خۆیان لە جێبەجێكردنی ببیننەوە.
لەو كۆبوونەوەیەكدا كە بەرێوەبەرە گشتییەكانی وەزارەتی رۆشنبیری و بەرێوەبەری گشتیی فەرمانگەی خۆپاراستن و شەفافییەت لە دەستەی دەسپاكی و بەرێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی دەستە و بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستە ئامادەی بوو، هەمووان كۆك بوون كە پێویستە رێكخستنەوە بە كاری میدیادا بكرێتەوە ئاكاری كاریان بۆ بخرێتە روو تا بە تەواوی هاوكاری پرۆسەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بن.
بڕیاریشە لە داهاتوویەكی نزیكدا وۆركشۆپێك لەوبارەیەوە بۆ میدیاكانی كوردستان ئەنجام بدرێ.