رۆژی چوارشەم 2024/10/2، د.ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان و هاژە عومەر بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی دەستە و سەرخێڵ هاشم بەڕێوەبەری راگەیاندن، بەشداریان لە کۆبوونەوەیەکی نوێنەری حزب و لایەنەسیاسییەکانی کوردستان کرد، کە بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر میساقی شەرەف رێکخرابوو کە دەستەی دەسپاکی بە هاوکاری UNDP رێکی خستووە.
سەرەتا، د.عەدنان عەبدوڵا رەشید بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی خۆپاراستن و شەفافیەت ناوەڕۆکی رەشنووسی میساقەکەی خستەڕوو.
دواتر لە وتارێکدا، د.ئەحمەد ئەنوەر سوپاسی نوێنەری حزبەکانی کرد کە لەم دۆخەی بانگەشەی هەڵبژاردن کاتیان بۆ ئەو کارە بەخشیوە و هیوای خواست بانگەشەیەکی ئارام بەڕێوە بچێ.
د.ئەحمەد ئەنوەر سەرباری باسکردنی گرنگی میساقەکە گوتی، هەرێمی کوردستان دەبێتە پێشەنگ لەو کارە ئەگەر هەموو حزبەکان رەشنووسی میساقەکە واژوو بکەن و پێوەی پابەند بن.
دووپاتی کردەوە بەرەنگاری گەندەڵی پەیوەستە بە توانای هەمووان و دەبێت وەک ئەرکێکی گرنگ سەیری بکرێ.
سەرۆکی دەستە ئاماژەی بەوە کرد لە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست میساقی لەو شێوەیە تەنیا لە وڵاتێک هەیە، عێراق دووجار ئامادەی کردوە و دواتر شکستی هێناوە.
دواتر نوێنەری لایەنەکان گفتوگۆیان کرد و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا واژۆی لەسەر بکرێ.